دایە “ئوڤەیش” راپەڕینێكی بێ هەمپای هێنایە دنیاوە
عەبدولڵا ئۆجەلان
“۱۱ی نیسان” یادی كۆچی دوایی دایكمە, نەك بەتەنها بۆ یادی دایكم, بەڵكو بۆ یادی هەموو دایكێك ئەم پەیامە پێشكەش دەكەم…
ئەوەی دایكم بەهیوای بوو و پێی نەگەیشت, ئەوەی من بەهیوای بووم و پێینەگەیشتم, هەرچەندە پێكەوە ژیانێكی درێژخایەنیشمان نەبووبێ, زۆر دژوار و توند و تیژبوو, ئەو بەگوێرەی خۆی منی نەدەناسی, منیش بەگوێرەی خۆم هەوڵم دەدا واتای پێبدەم.
تا سەر ئێسقان لەوە گەیشتبووم كە راهیبەكانی سۆمەر دایكە خوداوەند و ژنی ئەوین “عەشتار”یان بردبووە پەرستگاكانی خۆیان و لەوێشەوە بەرەو سەرا و كۆشكی پاشا, لەكاتی مردنی خوداوەند ــ پاشاكاندا لەگەڵا خۆیاندا ئەمانیشیان بەزیندووی خستۆتە نێو گۆڕەكانیانەوە. با خوداوەند ــ پاشا ش بن, من هیچ ئەوەم پێ هەزم نەدەكرا كە ژن وەك پارچەیەك لە زەوق و كەیفی سەر خوان بەكاربهێنن, بەڵام باش لەوەش تێگەیشتبووم كە دایكە خوداوەند و ژنی ئەوین تا رۆژگاری ئەمڕۆمان درهەم درهەم مۆڵدەدرێن و دەیانخۆن, بەرماوەكەیشی دەدرێ بەو دوو كۆیلەی كە پێی دەگوترێ هاوسەرێتی و وەك بەشێكی جوانكاری و خۆنوواندن درا بە پیاوە كۆیلەكان. لەگەڵا ئەوەی وەك پیاوێك و لەدڵدا ئەم دیارییە پەسند ناكەم لە هەمانكاتدا تاچەند بڕوا دەكەم كە دەبمە رۆڵەیەكی باش بۆ دایكە خوداوەند و ژنی ئەوین, زیاتر خۆشبەخت و بە غروور دەبم. بەمشێوەیە هەست دەكەم بۆ جاری یەكەم لە قوڵایی مێژووەوە لە خاكی دایك تێدەگەم, جاری یەكەمە گرێكوێرەی هەزار ساڵان شیدەكەمەوە, هەست دەكەم كە لە دایكبوونەكەی ئەمجارەیان جیاوازە.
ئەوانەی پێداگری لەسەر مردنم دەكەن, تەواوی پیلانگێڕەكانی سەدەی بیستەم كێ دەبن با ببن, من بەرگەی هەموویان دەگرم. لە دادگاشدا ئەوەشم پەسند كردبوو كە ئەمەم وەك پەیامێك بۆ هەندێك لەو دۆستانە ناردبوو كەوا بڕوایان پێمانبوو و هەروەها ئەوانیش پەیامێكی وەهایان هەقكردبوو. ئەوەی ئەوان بەسەر مندا سەپاندبوویان ئەوە بوو كە ببم بە پاكەتێكی بۆمبی لەبۆمبی هێرۆشیماكان مەترسیدارتر و بەسەر گەلەكەمدا بتەقێمەوە, بەڵام من توانیم ئەم گرێكوێرانە بكەمەوە و بەپێچەوانەوە ئەو بۆمبە لەبەرامبەر ئەواندا بەكاربێنم. كاتێك كە هەڵقەی بۆمبەكەم رادەكێشا و تەواوی پارچەكانیم لێدەكردەوە و دەمكێشا بەنێوچاوانی بۆمبگەر و دروستكەرانی بۆمباكەدا دەحەسامەوە. من لایەنگری مرۆڤ بووم و خوداوەندی زەبر و زەنگ جارێكی دیكە دۆڕاندی.
دووركەوتنەوە و راكردن لە راستینە كۆمەڵایەتییەكان لەوە زەحمەتترە كە شیمانەی بۆ دەكرێ, ئەمەش بەتایبەتی شیاوی ئەو كۆمەڵگا رەسەنانەیە كە تاك تێیدا هەبوونی هەیە. لە دەوروبەری تەمەنی حەوت ساڵیدا هاوشان لەگەڵا دایكدا دەكەوێتە نێو قۆناخی پێشبڕكێی كۆمەڵایەتییەوە, بە گوزارەی گەل, تا تەمەنی حەفتا ساڵی وەها بەردەوام دەبێ. لەلایەنی زانستیشەوە ئەوە سەلمێنراوە كەوا دایك هێزی بنچینەیی كۆمەڵگەریبوونە. لە رووانگەی كەسایەتیمەوە یەكەمین تاوانم, بەشك و گومان روانینە ئەم مافەی دایك و زوو بڕیاردانم لە كۆمەڵگەریبوونمدابوو. بەگوێرەی سەلماندنە زانستییە نوێیەكان, مرۆڤ بوونەوەرێكی تایبەتی نزیكەی بیست ملیار ساڵییە و وەك مرۆڤێك بێ دایك و بێ هیچ ئەفەندییەك بەتەنها گەورەبوونم بابەتێكە كە پێویستە بە لێكۆڵینەوە هەیە. گەر تاقیكردنەوەی خنكاندنی دایكمم لەلایەن شارستانییە گەورەكانەوە بە هەند وەربگرتایە, ئەوا دەشیا رێگەی ئەو تراژێدییانەی بەسەرمداهاتن ئاوەڵا نەبووایە. بەڵام دایكم دوا ئادگار و نیشانەی پاشماوەی بێچارەیی بوو لەبەرامبەر لەنێوچوونی كولتووری هەزار ساڵانەی خوداوەند دا. بەو تەمەن و رەوشی منداڵییەمەوە هێندی سڵنەكردنەوەم لەم ئادگارە, شەرمیشم لە هەستكردن بە ئازادی پێویست نەبینینی خۆشەویستییەكی ئەوتۆ نەكرد. بەڵام بۆ تاكە ساتێكیش ئەوەم لەبیر نەدەكرد كە تاكە مەرجی ژیانم پاراستنی شەرەف و نامووسی دایكمە و ئەمەش لەنێو ترسەكانمدا جێگەی دەگرد. شەرەفی دایكمم دەپاراست, بەڵام بەگوێرەی خۆم و بەو شێوازەی كە خۆم بەڕاست و دروستم دەزانی. لەپاش ئەم وانەیە ئێدی دایكم بۆ من نەما. لەگەڵا سڕانەوە لەو عەلاقەیەی كە خوداوەند زیادی كردبوو لەلام, بە پێویستم نەزانی كەوا لەبارەی منەوە بیر لە چی دەكاتەوە. جیابوونەوەیەكی زاڵمانەبوو, بەڵام ئەمە راستینەیەك بوو. نازانم گەر بڵێم گوتەكانی بۆ من نزای خراپ بوون یان كاهینی, بەڵام گوتەكانی لەكاتە تراژیكە قورس و زەحمەتەكانمدا بەردەوام دەهاتنەوە یادم. ئەمانە راستینەی وەها بوون كە زانیاری هەرە راستبێژ و دروست نەیدەتوانی بەم ئاستە راستییەكان بسەلمێنێ. ئەم راستییە گەورەیەش”زۆر بڕوات بە هاوڕێكانتە و پشتت پێیان قاییمە, بەڵام زۆر بەتەنها دەمێنیتەوە”. بەڵام راستینەكەی منیش من لەگەڵا هاوڕێكانمدا كۆمەڵگەریم دادەمزراند. بونیادنانی چیرۆكی ژیانم بەوشێوەیە دەست پێ دەكات. دایكم ئەگەر بیویستایە هیچ كۆمەڵگایەكیشی نەبوو كە بیدا بەمن. هەر زۆر لە زووەوە پەرش و بڵاوە ببوو. ئەوەی كە ئەو دەیویست بەدەستخستنی ژیانێك بوو, ژیانێك كە خۆی نەیتوانی بوو بەدەستی بێنێت و دەیویست بیدا بەمن. چیرۆكی باوكیشم گەر جیاوازیش بێ, دیسان بەچیرۆكی دایكم دەچوو. كەسێك بوو كە لەنێو پاشماوەی بیروباوەڕ یان ئەو مەزهەبەی كە راستینەی خێزانەكەمانی پێكدەهێنا پێداگیری لەخۆی دەكرد, كەسێكی لەهێز كەوتوو, پەرش و بڵاو و بەشێوەی میراتی هەرە بێ باوەڕ و بانگەشەی كولتووری بۆماوەی باووباپیران هەڵمدەسەنگاند.
هێشتا دە ساڵان بووم یان نا دەرگایەكمان هەبوو, ئێستاش لەبەر چاومدایە, لەبەر شەڕی من دایكم, شوێنێكی ئەو دەرگایە نەمابوو بەشەڕە بەرد كونمان نەكردبێ. دەی ئەمەیان چۆن شیبكەینەوە؟. ئەوەی بهاتایە و تەماشای دەرگاكەمانی بكردایە, پێدەكەنی و دەیگوت”ئەمە دەرگای چییە”. بەهۆی شەڕم لەگەڵا دایكم, دایكم منی دەخستە ژوورەوە, بێگومان دەیبردمە تەویلەكەوە, شێوازی “پەیڕەوكاری” ئەویش بەم شێوەیە بوو. سێ جار دەستی خستە بینەقاقام و بەرزی كردمەوە و دەیگوت “بڵێ تۆببە” هەم سێ جار. هەروا ئاسان نەبوو, هەتا وەكو دوا هەناسەی دەردەهێنام هەر بەرینەدەدا. جارجارێك دەمگوت تۆببە, بەڵام هەر ئەوەندەبوو هەتا كونێكی بچووكم دەدۆزییەوە و یەكسەر خۆم هەڵدەدایە دەرەوە و رامدەكرد, پاشان ئەو دەرگاكەی دادەخست, منیش هەر دوو دەرگاكەم بەردباران دەكرد و پەرێشانم دەكرد و وەها دەرباز دەبوو. هەر لەو تەمەنەوە من بەو شێوەیەم. دایكم دەیگوت”كەسێك دەرەقەتی ئەمە نایەت” یان “كەسێك دەرەقەتت نادا و كەسێك پێتەوە خەریك نابێت”. ئەو لایەنانەشم هەن من بە ئاشكرا دەیڵێم ئیتر ئێوە چۆن هەڵیدەسەنگێنن خۆتان دەزانن.
لەبیرمە بۆ پارچە نانێكی تیری چۆن شەڕێكم لەگەڵا دایكمدا كردووە(شەڕی نان, شەڕێكی نموونەیی, لەنێو یادەوەرییەكانمدایە). دوای نانی گارس كە نانی گەنم دەركەوت, ئەمە بۆ من بەتەواوی لێگەڕینێك بوو و وەرگرتنی لەنانێكی تیری زیاتر, بۆ من وەك بڵێی ببوە ئامانجێك, بۆ ئەوەش شەڕڤانییەكی گەورەم دەكرد. ئامانجیش بێگومان دایكم بوو. دەبوا ئەوەی كە دەیشاردەوە یان لەدەستیدابوایە وەرمبگرتایە, حەقی خۆم بوو یان نا, ئەوە مەسەلەیەكی جیاوازە. هەڵبەتە ئەگەر ئەو نانەی كەدەمویست وەدەستم نەخستبا, دەردەكەوتمە سەر شاخ. لەشاخەكانیشدا هەندێ رووەك هەند كە دەزانرێن, كۆكردنەوەی ئەوانە و كۆكردنەوەی هەندێ نرخ و بەها لە دارمیوە و رووەكە چێنراوەكان ئامانج بوون بۆ من. هەندێكیان بە رەنج و ئەمەكێكی زۆر بەدەستمان دەهێنا. ماوەیەك بەوشێوە تێپەڕی, دەتوانم بڵێم لەم مژارەشدا شەڕی پێشەنگایەتیم بەڕێوە دەبرد. زوو دەستهاویشتنە هونەری سەرۆكایەتییانە, تا رادەیەك لە كەمووكوڕ مانەوەی باوكمەوە سەرچاوە دەگرێ. باوكان بۆ منداڵەكانیان سەرۆكن, بۆ منیش باوكم سەرۆكێك بوو, بەڵام نەیدەتوانی بەڕێوەی ببات. بەردەوام بۆ ئەو سەردەمە دەمگوت ( بریا باوكی منیش وەك باوكی هەندێكی دیكە سەرۆكایەتیمان بكات و بۆشاییەكان پڕبكاتەوە.) باشە كە باوكێكی وەهام هەیە, ئەگەر باوكێكی وەهام نەبووایە, هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نەدەكەوتمە نێو لێگەڕینی سەرۆكایەتییەوە. دەمگوت”ئەم باوكە ناتوانێ ئیدارەمان بكات, لە رەوشێكی ناهەمواردایە, زۆر بەدبەخت و داماوە, لەنێو ناتەواوی و كەمووكوڕی زۆر گەورەدا دەژی”بەڕاستیش هێندەی لەگوند دەمزانی, لەنێو خێزاندا هەر زۆر و لە هەموو كەسێك زیاتر رۆڵی سەرۆكایەتیم دەبینینی. وابزانم لەم واتایەوە لەبارەی سەرۆكایەتییەوە پەروەردەی تەواوم وەرگرتووە.
باوكم كەسێكی زۆر خراپ نەبوو, ئەویش زۆر ئومێدی بەمن هەبوو و زۆر پشتئەستوور بوو بەمن. دیسان زۆرتر من دڵی ئەوم بەختەوەر دەكرد, بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەردەوام لەبەرامبەریدا زوو زوو سەرمهەڵدەدا. واتا نموونەی منداڵێكی خراپی نێو خێزانم پێشكەش دەكردن. نەك بەوەی كە لە قسە تێناگات شتی خراپ بكات و بەردەوام سەرهەڵدەدات, بەڵكو بە پێچەوانەوە باوكم بەمنەوە زۆر دڵخۆش بوو, ئەمەشم هێشتا بەباشی لەبیرە. جارێكیان لەبەر دارێكدا, ئیتر نازانم من چ ئیلهامێكم دابوو بەباوكم, باوكم بەدەوروبەری خۆی گوت”دەست لەوە نەدەن لەنێو چاوانیدا “فەتح” نووسراوە” وابۆیدەچم كە دیسان گوتنی ئەم قسانە بە سەرنجدانی كاروكردارەكانی نێو ژیان و ژیانی بەرهەمهێنانمەوە سەریهەڵدەدا. زوو نەدەكەوتمە نێو كار, بەڵام كاتێك دەكەوتمە نێو كارێكەوە وابزانم كارێكی زۆر پاك و خاوێنم دەكرد. دەشێ ئەوەی كە كاریگەری كردبێتە سەر باوكم ئەو لایەنەی من بووبێ. هێشتا ئەو گوتانەی ئەوم لە بیرە كە دەیگوت
تۆ دەڕۆی بۆ كوێ بڕۆ, فەتحی دەكەیت, لەنێو چاوانتدا هێما و ئیشارەی فەتح هەیە
ئەمە هێشتا لەبیرە و دیسان نازانم بۆچی ئەم قسەیەی دەگوت, رێكنەدەكەوتم, لەنێو قۆناخی كاردانەوەیەكی وەهادابووم. كارەكانم بەپاك و خاوێنی دەكرد, ئەمە شتێكە كە قسەی لێوە ناكرێ, بە سەلیقەبووم, بە ئاسانی رێنەدەكەوتم, پێگە و دەوروبەریشم وەهابوون, زۆر كارم نەدەكرد, كەم و گەوهەرانە كارم دەكرد. دیاردەی فەتحیش, شێواز و رێبازی فەتحكردنە. هەستیاربووم, لەڕاستیشیدا منداڵێكی زۆر ئاقڵیش بووم. لەبیرمە و هێشتا زۆربەباشی لە ئەقڵمدا گرتوومە: فێری پێویستی سەرنجدانی مرۆڤ دەبووم, باوكم لەئاستی عالمێكدا و بەگوێرەی پێوانە و پلەی عالمێك پێوانەكانی دادەنا؛ دەیگوت” پەڕی جگەرەیەك بخەرە ژێر سەرینەكەت, گەر تۆزێك هەستت بە بەرزبوونەوەی سەرینەكەت كرد, ئەوا دەیسەلمێنی كەوا عالمێكی چاكی” هێشتا هیچ لە بیرمنەكردووە. پەڕی جگەرەیەك چەندە ئەستوورە؟ كە دەخرێتە ژێر سەرینەكەوە دەڵێیت”سەرینەكەم بەرزبووە” واتا پێیدەزانی. بەڵام ئەمڕۆ بەگوێرەی هەندێك كەس نەك بەتەنها پەڕی جگەرە بەڵكو كۆتەرەیەكیش بخەیتە ژێر سەرینیان, هیچ پێی نازانن كەوا گۆڕاوە یان نا. باوكم لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەكدا دەیگوت” راكە .. راكە بڕۆ واشەڕ بكە لەسەر گوندەكە و بڕۆ وا جوێن بدە” من ئەو رێبازەی ئەوم پەیڕەو نەكرد, گەر بمكردایە, هەر لە زووەوە مردبووم. پازدە ساڵی تەمەنیشم نەدەبینی. باوكیش ئاغایەكە و دەیەوێت شەڕی كۆنە بەڕێوەببات.
لە راستیدا لەمنداڵی مندا شتێكی نائاسایی ئەوتۆ نەبووە, گەر سەرنج بدرێ لەپاش رەوشی ژیانی هەر كەسێكەوە, وابزانم شتی هەرە سەیر و سەمەرە ئەمەیە, دایك و باوك ناتوانن زۆر شتێكی ئەوتۆ بدەنە منداڵەكەیان و هیچ بەهرەیەكی وەهایان نییە گوندەكەش دیسان شتێكی پێ نادەن, بەتەواوەتی ئاوێكی خواردنەوەشی نییە, خوێندنگایەكی نییە, لە رەوشێكی وەهاشدا نییە كەوا خەیاڵ و خەونی بەوشێوەیە بەهێزیش ببینێ, منداڵەكە لە زەوی و زارێكی وشكەڵانیدا دەمێنێتەوە, دەشتوانرێ پێی بگوترێ خەیاڵیش.
هێشتا لەبیرمە ….
دەڵێن دراوسێ دەرگا”ئەو ماڵانەی كە دەرگاكانیان بەرامبەر یەكن” یەكتری زوو هەزم ناكەن یان یەكتریان بەدڵ نابێ. ئێمەش دراوسێ دەرگایەمان هەبوو ناوی خەزۆ بوو, خەزۆ داماوێك بوو, لەبەر ئەوەی مریشكێكی خەزۆ هاتۆتە ماڵی ئێمەوە, دایكم دنیای بەسەردا دەهێنایە خوارەوە. ئەم ژنە ساتێكی بێ شەڕ و شۆڕی نەبوو. وابزانم من بیرم لە بێ واتایی ئەو شەڕە كردبۆوە تاوەكو گەیشتم بە واتای راستەقینەی شەڕ. بەڵێ, لەلای ئێمە زۆر چڕ و پڕ بوو هەتا ئێوارە شەڕی دراوسێ دەرگایان, بێ مانا, بەتاڵا و هەتاڵا.
گەیشتن بە دژبەرەكەی چییە؟ ناڵێم پێكهاتەی سۆسیالی گوندێكی نیشتەجێ بووە, سۆسیالبوون خولقاندنی سۆسیالبوونە لەبەرامبەر پێكهاتەیەكی تا دوا رادە داخراو و سەرگیراودا. هێشتا لەو سەردەمانەدا بەپێی پێویست لەبەستنی پەیوەندی نهێنی لەگەڵا هاوتەمەنەكانم لەچوارچێوەی بواری گونددا, دوور نەدەوەستام. تەمەنم حەوت بوو هەشت بوو دە بوو نازانم, لە پێگەی گونددا یەكەمین پەیوەندی نهێنیم بەو شێوەیە دروستكرد. زۆر باش لەبیرمە, بەدزی گەورەكانی خێزانەكانمانەوە, ئەو خێزانانەی كە بەدوژمن دادەنران و دوژمنایەتیمان هەبوو, پەیوەندیم لەگەڵا منداڵەكانیاندا دروستكرد, رێكخستنێكی نهێنییانە, ئەوانەی كە ئەوان بە دوژمنیان دادەنان, من هەوڵمدەدا وەك هاوڕێ و هەڤاڵێك پێشوازیان لێ بكەم. واتا ئامانجێكم بەپێچەوانەی ئامانجی بەرجەستەبووەوە وەدەستخست. تێكۆشانی من بەم شێوەیە بە پەسند نەكردنی دەستەواژەی دوژمنایەتی ئەوان دەستی پێكرد.
من لە تەمەنی حەوت ساڵیمدا بەو شێوەیە خۆم راهێنا. دەڕۆشتم دەیان گوت”دیسان جیوە هاتەوە”. تەمەنم دە ساڵان بوو گوتم ” تۆ دایكی؟, دەزانی منت لەچ دنیایەكدا رووبەڕووی چ بارودۆخێك كردۆتەوە؟” ئەمە حساب خواستنێك بوو..”تۆ دەزانی چیت لە منداڵێك داواكردووە”. مریشك و جووچكەكانم نیشان دەدا و پەیوەندییەكانی نێوانمانم بە وان دەچواند. هەستم كرد ئەمانە ئەو شتانەن كە پێویستە دایكێكی سەرشێت لە منداڵەكانی داوای نەكات.
بەشێوەیەك تێدەگەم كەوا دایكم خوێندنگا و فێرگەی هەرە باشبوو بۆ من. ئەم ژنە لەگوند دا لە هەموو كەسێك زیاتر بانگە بانگ و قیژە قیژی دەكرد, لەهەموو كەس زیاتر بۆ شەڕ كراوەبوو, لەهەموو كەسێكیش زیاتر شێوەی سەرهەڵدەریی هەبوو, هێشتا لە بیرمدایە كە من دەكەوتمە بنی زەوییەوە و دەمگوت خۆزگە دایكێكی وەهام نەبوایە. دەمگوت لەم گوندەدا چۆن بێتاقەت نابێ لەبەرامبەر ئەم هەموو خەڵكە چۆن شەرم ناكات؟.. چۆن بەم شێوە ترسناكە هەموو خەڵك دەخاتەبەر ئەم هەراوهۆریایەوە, چۆن بەمشێوەیە یاخی دەبێ؟. بێگومان بەو تەمەنە منداڵیەمەوە لە شەرمانا دەكەوتمە بن زەمینەوە. وابزانم دەشێ هۆكاری هەرە گرنگی تاكتیكگەرابوون بەو سەردەمەوە ببەسترێتەوە. سەرهەڵدانواری ئەو, لەهەمانكاتدا لاوازییەكیش لەنێو خۆی دەگرێ, من هەستم بەم لاوازییەی دەكرد, چونكە ئەوەندە بانگە بانگ و قاووقیڕی دەكرد, بەڵام نەیدەتوانی تاكە ئەنجامێكی سەركەوتووانە بەدەستبێنێ. دەمویست باوەڕی بەدایكم بكەم و پشتی پێ قایم بكەم بەڵام ئەو شتێكی لەدەست نەدەهات, هەروەها باوكیشم هەروا بوو, گەورەترین بزاوتی وەها بوو؛ دەردەكەوتە سەر حەساری خانووەكە و چاوی خۆی دەگرت و كەس نەیدەزانی چۆن جوێنیشی دەدا.. ڤڕ ڤڕ ڤڕ… جوێنی هەرە خراپ و گەورەی دەدا و دەهاتەوە و لەشێونی خۆی دادەنیشتەوە. چالاكی هەرە گەورەی لەبەرامبەر دوژمنەكانی بەو شێوەیە بوو. دەشێ هەردووكیان زۆر كاریگەرییان لەسەر من كردبێ. من بنەماكانی ئەم سەرۆكایەتییە گەورە تاكیتیكییەم, بە پەیڕەوكردنی پێچەوانەی كردارەكانی ئەوان قازانج كردووە. وا دەردەكەوێ كە هۆكاری سەرەكی فێربوون لە تەمەنی بچووكدا, پەیوەستە بەڕاستینەی ئەم خێزان و دایك و باوكەوە. وانەی هەرە بناخەییشم لەوێوە وەرگرتووە. لە پاش ئەوە ئیدی هیچ سەرم نەسووڕما. حاڵی خراپی باوكم دوچاری رێبەرایەتیكردنی لەم كارانەدا كردم. ئێش و ئازارەكانی تەمەنی منداڵی من بەرەو ئەنجامی بەشێوەی باش رێبەرایەتیكردنی كارەكان برد. بێگومان لەبەرامبەر كەوتنێكی گەورە, لەبەرامبەر گریانی گەورە, لەبەرامبەر شایان نەبینینی شتی بچووكدا هەڵوێستێكم هەیە. هەڵبەتە باوكیشم گوزارەی لێوە دەكرد و دەیگوت”كە مردیشم تۆ تاكە فرمێسكێك ناڕژێنی”ئەو دەیزانی لەدژی چیم, بۆ شتە بچووك و ساكارەكان فرمێسك ناڕێژم, بەڵام لەولاشەوە دنیا و عالەم دەزانن كە چەندە بەهەست و سۆزم. لایەنی ئەوینی من, لایەنی هەست و سۆزم لەلایەنی هزرم زیاتر بەهێزترە. بەڵام هۆش و مێشكیش هەن, ئەمانەش پشتگوێ ناخەم. كەس حاشا لەوەناكات كە لەسەر هێڵێكی زۆر نزیكی زانست رەوتم گرتووە. هەڵبەتە شۆڕش سەرەتا بە هەست و سۆز دەستپێدەكات. من شەڕێكی سەرسوڕهێنی هەست و سۆزەكانم. لە منیشدا لایەنی هەست و سۆز بەهێزێكی ترسێنەر دەستی پێكرد. بە پێشكەوتن و گۆڕانكاری خۆیی دەستی پێكرد كە بەئەندازەی كین و رەد, داخوازی و بەئەندازی دژبەری ناشرینییەكان جوانییەكان بەبنەما دەگرێ. پێشتر زانابوون و سیاسەت نەبوو, هەست و سۆز هەبوو.
دەشێ شانسی من لە تایبەتمەندییەكانی خێزانیشەوە بێت, لە كەش و هەوایەكدا باوكێك كە خۆی بەدەزگا و ناوەند نەكردووە و یاساكانی باوكایەتی پەیڕەو ناكات, دیسان دایكێك كە ناتوانێ خۆی بەتەواوەتی باڵادەست بكات, هەروەها خوشك و برایەك كە زۆر پێشكەوتوو نین, لە كەش و هەوایەكی وەهادا من هەلی سەرهەڵدان دەڕەخسێنم. شەڕی پێشەنگایەتیم لەنێو خێزاندا بەشێوەیەكی وەها بێ ئامان بەڕێوەبردووە. لەنێو ئەمەشدا بەهەزاران رووداو و كارەسات هەیە بەهەزاران شەڕ هەیە. دەشبێت بەشی هەرە دژواری شەڕی ئێستامان لەگەڵا دەوڵەتی توركیادا من لەو سەردەمەدا بەڕێوەم بردبێ. ئەوكاتە دایكم هەندێ گوتەی زۆر بەنرخ و بەجێی لەبارەی منەوە هەبوو, شێوازی كاركردنمی دەبینی, هێشتا لەیادمە دەیگوت”بێ ئەقڵ, هیچ كەسێك وەكو تۆ كاردەكات؟.” دەیزانی كە جیاوازم.
هەوڵمدەدا لەگەڵا گروپە خوێندەوانەكەمدا خوێندنگا بەسەربەرین, ئەلف و بام فێردەكردن. بێ ئەوەی چاوەڕێ هیچ شتێك یان بەرامبەرێك بكەم لەم هەوڵ و كۆششانەمدا وابزانم دایكم ئەمەی بە بێ ئەقڵی دادەنا و دەیگوت”تۆ ئاوادەكەی, ئەی ئەمانە هیچ یەكێكیان وەكو تۆ كاردەكات؟.” بەمەش تاوانباری دەكردم, بەڵام ئەویش لەچوارچێوەی كەسایەتی خۆیدا لەسەر حەق بوو. دەیگوت”هیچ كامێكیان وەكو تۆ كار دەكەن؟.” من كاتێك ئەم كارەم دەكرد, یان كاتێك بەو كارانە هەڵدەستان كە ئەقڵی ئەو نەیدەگرت, ئەو قسانەی پێدەگوتم. لەڕوانگەیەكەوە بەشی خۆی راستە. لەبارەی كاركردن بەشێوازێكی تایبەت بەخۆمەوە, ئەمڕۆ هاوشێوەم نییە. ژیانی شۆڕشگێڕ, هەندێك وەك ئەوەی كە من كردوومە و دەیكەم, بە خۆدانە كار بەسەر دەخرێ. دایكم خاوەنداری دەكرد و دەیگوت” بێ هیچ بەرامبەرێك بۆچی تۆ دە پازدە منداڵی لادێیی پەروەردە دەكەیت؟.” من ئەو منداڵانەم تا دەچوو دەمكردنە خاوەنی خوێندنگا و دەمكردنە مرۆڤی باڵا. دایكم ئەمەی وەها هەڵدەسەنگاند”هیچ كەسێك وەك تۆ دەكات؟” راستبوو, هیچ كەسێكیان وەكو منیان نەدەكرد. ئەو سەردەمە تایبەتمەندییەكم كە خۆی دەردەخستەڕوو, هەوڵی پەروەردەكردنی مرۆڤ بوو. منداڵێك كە بە گوێرەی خۆی پێنەگەینراوە دیارە منیش بەرەو قۆناخی لاوێتی هەنگاوم دەنا ئەو كاتە هەستیان بەمە كرد, ئەم منداڵە نابێتە منداڵی خێزانێكی ئاسایی. هێشتا ئەو كاتە دایكم پێی دەگوتم توانای پێكەوەنانی خێزانم نییە و دەیگوت”كەس كچ نادا بەتۆ و كەسێكیش ئیش و كارت ناداتێ” و بەو شێوەیە رەخنەی دەكردم. دەشێ ئەوەش راستبوایە. چونكە ئەم ئیشارانەی ژیان كە سەرچاوەیان لەمنەوە وەردەگرت, ئەوەیان نیشاندەدا كە كەسێكی باش و لێهاتووی وەهام لێ دەرنەدەكەوت كە ئەو بیری لێدەكردەوە.
لەكەسایەتی دایكمدا و لەپاش ئەویش لەچوارچێوەی رۆژهەڵاتی ناویندا شەڕی “نامووس” كە لە داب و نەریتی تێكڕای كوردان و گەلانی دیكەوە دێ, ئەمە بەتایبەتی لە ناوەڕۆكی ساكار ــ قەبای رەگەزی دەرخست و بەشێوەیەكی بەكاریگەر نیشانمدا كە لە نێو سیاسەت و شەڕدا چۆن واتایەك قازانج دەكات. ئەنجام؛ ژن یەكەم چین و رەگەز و میللەتی پێشێلكراو و چەوساوەیە. بێگومان هیچ تێكۆشانێكی دیموكراتی ـــ سۆسیالیست كە ئازادی ژن وەك رەگەز و چین و میللەت بەبنەما نەگرێ ناگاتە ئامانجەكانی. لە كۆمەڵگای كوردیدا هیچ پەیوەندییەكی هاوسەرێتی و رەگەزی و ئەوینییەك پاڵپشت نەبێ بەو پەیوەندییانەی كە پێشكەوتنی هەم لەلایەنی تیۆری و هەم لەلایەنی پراكتیكییەوە پشتئەستوور بە ژن و یەكسانی, هیچ نرخ و بەهایەكی نییە. گەر وەڕسیش بووبم شەرمم لە دووبارەكردنەوەی نەكردووە, نابێتە خاوەنی بەها و نرخێك لە بەها و نرخی “لە سۆزانێتی تایبەت یان گشتی” زیاتر نابێ. ئەو سوێندەی لەبەرامبەر ژن دراوە و ئەو هاوڕێیەتیەی سازدراوە, لەلای من مانایەكی زۆر قووڵی فەلسەفی و مێژوویی و هەوڵ و تەقەلایەكی پراكتیكی لەپێناو وڵاتپارێزی و ئازادی و یەكسانی لەخۆوە دەگرێ. بەئەندازەی تیۆری راستەقینەی ئەوین ــ ئەشق ــ شەڕێكی گەورە و بێ پایانیشم بەڕێوە بردووە, شتێكی زۆر بە ئێشە گەر هەست بەمە نەكرێ.
دایك كەسی هەرە نزیكە و لەبەر ئەوەی خاوەن مافە, داوای زۆر شت لە كوڕەكەی دەكات. زۆر عینادی دەكرد و “تۆ” دەیگوت “بۆچی چەند مەترەیەك قوماشم بۆ ناكڕی؟.” ئەو رۆژە ئەمڕۆیە و من هیچ شتێكم بۆ ئەو نەكڕی. دەشێ كوڕێك نەیكڕێ؟. مووچەشم دەستكەوتبوو, بەڵام گوتم “نایكڕم” و پێم گوت” گەر تۆ چاوت بڕیبێتە پارچە قوماشێك, منیش لە نەكڕینی ئەو قوماشەدا خاوەنی هەڵوێستێكی نەگۆڕم”. ناسازی وەها گەورەشم هەیە. بۆچی؟ چونكە نابینێ كەوا من ئیش و كاری گەورەتر دەكەم, لەم بارەیەوە هیچ شتێك ناخوازێ, دەیەوێ هەموو شتێك بێنێتە ئاستی پارچە قوماشێك. لە رەوشی ئەو كاتەمدا دیارە كە تاچەند گرنگیمداوە بە مانەوە وەك كەسایەتییەكی بە ئەدەب و خاوەن هۆشمەندییەكی بەرز, ئەگەر نا لەبەر ئەوە نییە كە بیرم لەدایكم نەكردۆتەوە و نەك لەبەرئەوە بووە كە كوڕێكی شیاوی دایكم نەبووم, ئەو بەوشێوە ساكارییە بیریكردەوە, منیش هەڵوێستێكی وەهام وەرگرت و بۆم نەكڕێ. رۆشت و چاوی هەر لەپاش خۆی بوو, هیچ شتێكم نەدا بە دایكم, ماوەیەك داوای پازەنی لێكردم”جۆرە قوماشێكە” دیسان بۆم نەكڕی. بەڵام گرنگ نییە. راستتر ئەوە بڵێن كەسایەتییەكی وەها ژیا بەسە.
لەبیرمە دایكم زۆر باش خاوەن لەمن دەركەوت و زۆر مەتحی دەكردم. لە پێشكەوتنی چەمك و مەیلی روبەڕووبوونەوەمدا كاریگەری بێچارەیی باوكم و سەرهەڵدانواری دایكم لە بواری نەناسینی سنوور لە خۆ بە حەقزانیندا لەسەر من هەبووە. تێڕوانین و سەرنجەكانی دایكم لەبەرامبەر بە من, بەهێندەی لە پاشان بیستوومە و بەرگوێم كەوتووە تێڕوانینی گرنگ و بەهادار بوون. لە وەڵامی پرسیارێكی وابزانم فەرمانداری لیوای روحا”ئورفا” گوتبووی” زۆر هەوڵ و تەقەلامدا تاوەكو لەژێر ئەژنۆمدا رایگرم, بەڵام سەركەوتوو نەبووم” ئەمەش راستییەكان دەردەخاتەڕوو. ئەوەی كە بۆ یەكەمجار هەستی بەوە كرد كە رێباز و شێوازەكەم بەتەنیا دەمهێڵێتەوە و ئەوەی یەكەمجار پێی گوتم دایكم بوو. گوتەكەی بەم شێوەیە بوو”هەموو كەسێك سوودت لێ وەردەگرێ, بەڵام وەكو تۆ لەگەڵ تۆدا كار ناكات” ئەم قسەیەی پڕاوپڕ دەركەوتە روو. هەروەها دوا هەڵسەنگاندنی دەرهەق بە من, گوتبووی” ئەو بۆ من تاقانە بوو, خۆی و شوێنی لەلای من زۆر جیاوازبوو”.
دوا گوتەی بەر لەمردنیشی ئەمە بووە “بەردەوام دوعا بكەن و خێر بە هەموو كەسێك بكەن” لەپاشان كاتێك لەنرخاندنەكانمدا لەبارەی ژن و دایكەوە رۆڵی ئەوم نرخاند, بەپێویستم زانی كەوا بە ئاسانی بەدەستی نەگرم و مافی نەخۆم. ئەم نرخاندنەی دایكم لەبارە ژنەوە زۆر ئەقڵمەندانە بوو و دەیگوت (بەم ئەقڵەوە و بەم كەسایەتییەوە زەحمەتە ژنت دەسكەوێ”لەواتای هاوسەرێتیدا”). دایكم كە پێم گوتبوو لە توڕەیی زیاتر هیچ تایبەتمەندییەكی نییە, پێویست بوو ئەقڵی پەسند بكەم. لەبەر كوێرەوەری مێژوو, لەیەكدی نامۆ بووبووین. بەڵام كاتێك دەگەڕامە دواوە دەمڕوانی, تەنها دەمتوانی بەمنەتێكی گەورەوە ئەوە پەسند بكەم كەوا ئەو دەنگێكی رەسەنی كولتووری دایكە خوداوەندە و ئەو ئەم دەنگەی گەیاندۆتە من. ئەوەی كە لێی یاخیبووبووم و لەبەرامبەریدا راپەڕیم دایكم نەبوو, بەڵكو سیستەم و رێساكانی بەهیچ كردنی ژن و دایك و هەروەها سیستەم و رێسا زاڵم و نامۆكار و دووڕوویی كۆمەڵگای پیاو سالاری بوو. كوڕێكی چاكی دایكم بووم, گەر ئەمەشمان پێكەوە پیرۆزنەكردبێ, من ئەوەم سەلماندبوو.
هەتاوەكو دایكم وەفاتیشی كرد, بەتەلەفۆنێك حاڵ پرسیەكیشم بە زیان بۆ دۆزی گەل دانا و بەم مەیلەشەوە پشتگوێم خست. واتا لەبابەتی خێزان و بنەماڵەگەری لەنێو كورد دا, باش دەزانرێ كە لەمن هەستیار ترنییە. هیچ شتێكم نەدا بە دایكم, بەڵام گرنگ نییە, رێز و خۆشەویستییەكی گەورەی هەیە لەلام. ئەوەی گرنگە ئەوەیە بۆ مرۆڤایەتی شتێك بكرێ…