هێڵی سێیه‌م له سه‌روی سه‌رمایه‌داری و ئیسلامی رادیکاڵ‌دا
هه‌ڵمه‌ت هه‌ورامان
سیستمی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه سه‌ربازییه‌که‌ی له ئه‌فغانستان و عێراق و لیبیا شکستی هێنا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی ببێته ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی خۆڕهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له لایه‌ن ئابوری و سیاسیشه‌وه، که‌وته ناو قه‌یرانێکی قوڵه‌وه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌نووکه به هه‌ندێ رێ و رێبازی جیاوازتر و به ده‌ستی هه‌ندێ هێزی ئیسلامی رادیکاڵ، له لایه‌ک و له لایه‌کی تریشه‌وه ده‌خوازێ به به‌کارهێنانی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی وه‌ک PDK دوو ئامانجی سه‌ره‌کی خۆی بپێکێت؛ 1ـ خۆی له‌م قه‌یرانه هه‌نوکه‌ییه رزگار بکات. 2ـ سیستمی خۆی له رێگای پرۆژه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا بسه‌پێنێت، واته هه‌م له هێڵی سیاسی و هه‌م له هێڵی ئابورییه‌وه هه‌ژمونی خۆی فراوانتر بکات و به‌م شێوه‌یه بتوانێ هه‌بوونی خۆی به سه‌د ساڵی داهاتوو گه‌ره‌نتی بکات. بۆ ئه‌مه‌ش ناچاره هه‌م هه‌ندێ به‌دیل بدات و هه‌م ئه‌و بزوتنه‌وه و گه‌لانه‌ی که له پێش ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌بنه ئاسته‌نگ لاواز و بێ‌ئیراده بکات و بیانخانه ژێر کاریگه‌ری خۆیه‌وه و ته‌سلیمیان وه‌ربگرێت.
لێره‌دا ده‌توانین بڵێین دوو هێڵی سه‌ره‌کی هه‌م له ئاستی ناوچه‌که و هه‌م له ئاستی دنیادا له کێبڕکێ جدیدان. یه‌کێکیان هێڵی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه که ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن و له مێتۆدی رۆژئاوایین و به بێ له‌به‌رچاوگرتنی مێژوو، که‌لتوری گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ه‌ڕاست نزیک ده‌بنه‌وه. هه‌روه‌ها به بێ له‌به‌رچاوگرتن و گرنگی پێدان به‌و جۆگرافیایه‌ی که پێشه‌نگایه‌تی بۆ شۆڕشی کشتوکاڵ و گوند و شته یه‌که‌مینه‌کانی وه‌کو نوسین، باوه‌ڕی و یه‌که‌مین شۆڕشی کردووه، سیستمی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رمایه و پاوه‌نکردنی ئاوا بکات.
ئه‌وه‌ی تریشیان هێڵی مۆدێرنیته‌ی دیموکراتیکه که به پێشه‌نگایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی په‌که‌که و گه‌لی کورد و دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی واته سه‌رۆک ئاپۆیه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی ژن، دیموکراسی و ئیکۆلۆژی خۆی به رێکخستن کردووه، ده‌یه‌وێ له‌جیاتی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری، مۆدێرنیته‌ی دیموکراتیک و له جیاتی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک و له‌جیاتی ئه‌ندوستوریالیزم، ئیکوئه‌ندوستوریالیزم وه‌کو ته‌نیا رێگاچاره بۆ کێشه بنه‌ڕه‌تیه و مێژووییه‌کانی گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و مرۆڤایه‌تی پێشکه‌ش بکات و په‌ره‌ی پێ بدات.
سیستمی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانجی سه‌ره‌کی خۆی بگات، ده‌یه‌وێ له رێگای داعه‌شه‌وه شه‌ڕێکی درێژخایه‌نی تایفی و ئایینی بخاته نێوان گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت گه‌لی کوردستانه‌وه، گه‌لان بکاته دوژمنی یه‌کتری. چونکه به درێژایی مێژوو سیستم ئه‌و تاکتیکه‌ی بۆ پته‌وکردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی واته “ناکۆکی و ململانێ بخه نێوان گه‌لان و پارچه‌یان بکه و حوکمیان له‌سه‌ر بکه” به‌کار هێناوه.
به‌تایبه‌ت ئه‌م سیاسه‌ته‌شی له به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد و کوردستان به درێژایی دووسه‌د ساڵه به‌کار دێنێت. چونکه له مێژوودا ئه‌گه‌ر هێزێک یاخود رژیمێک ویستبێتی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا بسه‌پێنێ ناچار بووه سه‌ره‌تا کوردستان بگرێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان هه‌م له هێڵی ژئۆپلۆتیکییه‌وه و هه‌م له هێڵی ژئۆستراتیژییه‌وه خاوه‌ن شوێنێکی ستراتیژییه. هه‌روه‌ها ئێستاش له‌م شوێنه ستراتیژییه‌ش ئه‌لته‌رناتیڤی که‌جه‌که که سه‌رچاوه هێزی خۆی له‌و ئه‌زمونه وه‌رده‌گرێ‘ به درێژایی حه‌وت هه‌زار ساڵه له به‌رامبه‌ر سیستمی شارستانی ناوه‌ندی به‌رخودانی ده‌کات و له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ خۆی ساز داوه و چه‌که‌ره‌ی کردووه. بۆیه هه‌وڵ ده‌دات به یارمه‌تیدانی داعه‌ش گه‌لی کورد و گه‌لانی تری ناوچه‌که بکاته دوژمنی یه‌کتر و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵاتیه‌کانیان هه‌ڵوه‌شێنێ و ناچاریان بکات بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئاسایش و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان هاوار بۆ ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان ببه‌ن.
له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌مریکا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو کوردان‌دا هێڵی دووبه‌ره‌کی و ناکۆکی قوڵتر بکاته‌وه و هێڵی خیانه‌تکار که PDK له باشوری کوردستان نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات به‌کار بهێنێ، ده‌یه‌وێ به ئاواکردنی ده‌وڵه‌تچه‌ی کارتۆنی له باشوری کوردستان ئه‌و یه‌کێتیه‌ی که به پێشه‌نگایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی له هه‌ر چوار به‌شی کوردستان به درێژایی مێژووی په‌که‌که قوربانی بۆ ده‌درێت و گه‌لێک شه‌هیدی له پێناویدا دراوه و له‌م قۆناغه‌دا هه‌ستیاره‌دا نزیکه به ته‌واوی بێته دی، له‌بار به‌رێت و نه هێڵی له‌دایک بێت یان ئه‌گه‌ر له‌دایک بێت به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی گه‌وره‌ی بکات و هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بکات. ئه‌مه‌ش په‌یمانێکه نه‌ک ته‌نیا ئێستا به‌ڵکو له رابردوودا دارێژراوه و درێژخایه‌نه و مه‌به‌ستێکی تری سیستمی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ئه‌وه‌یه له‌م رێگایه‌وه هێڵی خه‌یانه‌ت له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان زاڵ بکات و هه‌موو گه‌لی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به بارزانییه‌وه وابه‌سته بکات و به ئاواکردنی ده‌وڵه‌تچه‌یه‌ک، گه‌لی کورد بۆ سه‌د ساڵی داهاتوش بکاته قوربانی.
بێ‌گومان ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه‌ی که مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌یه‌وێ چ له رێگای داعه‌شه‌وه و چ له رێگای هێڵی خه‌یانه‌ته‌وه به‌سه‌ر ناوچه‌که و به تایبه‌ت کوردستاندا بیسه‌پێنێ به شکست کۆتایی دێت. چونکه ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له مێژووی مرۆڤایه‌تی بده‌ینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که له سه‌رده‌می ئیسلام و له کاتی ئه‌مه‌وییه‌کاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلام له سه‌رده‌می لاویه‌تیدا بوو، زۆر به ئاسانی توانی خۆی له ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رێکخستن بکات، به‌ڵام له به‌رامبه‌ریشدا، زه‌رده‌شتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به گوێره‌ی پێویستی قۆناغ، خۆی نوێ نه‌کرده‌وه و ببوو ئامرازی توندوتیژی، نه‌یتوانی خۆی له‌به‌ر شاڵاوی ئیسلام رابگرێ و خۆی له توانه‌وه بپارێزێت.
هه‌نووکه‌ش سیستمی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌که‌م؛ ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تی راستینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری گه‌لانی ناوچه‌که بکات، هه‌روه‌ها ئیسلامی رادیکاڵیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر له (1400) ساڵه به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه و ناتوانێ به زهنیه‌تی ئه‌وکاته خۆی بقه‌بوڵێنێت و بۆ به‌ره‌وپێشچوونی خۆی که‌س و تۆقاندن به بنه‌ما ده‌گرێ و له هه‌مووشی گرنگتر له راستی خۆی به ته‌واوه‌تی دوور که‌وتۆته‌وه و ته‌نیا وه‌کو دارده‌ستێکه به ده‌ستی سیستمی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری. بۆیه ناتوانێ ببێته وه‌ڵامێک بۆ کێشه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵکو قووڵتریان ده‌کاته‌وه.
له کۆتاییدا ده‌بێ بڵێم که خۆری ئازادی و یه‌کێتی کوردان و گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ئاواکردنی سیستمی که‌جه‌که رۆژ له دوای رۆژ له هه‌ڵهاتنی خێرادایه و هیچ هێزێک ناتوانێ له به‌رامبه‌ری ببێته ئاسته‌نگ، به مه‌رجێک هه‌ر که‌سێک رۆڵی خۆی بگێڕێ و ئاستی تێکۆشان بگه‌ینێنه به‌رزترین ئاست.